بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر ، سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان ڕەهەندە نوێیەکانی بوونی نیزامی ڕژێمی زایۆنی لە عێراقیان ئاشکرا کرد.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە کاربەدەستانی عێراقی دۆزینەوەی دووهەمین بنکەی سەربازی نهێنی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەی بیابانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئەو دەزگای میدیایی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بڵاویکردەوە: سەربازگەیەکی دیکەی سەر بە ئیسرائیل لە ناوچەی بیابانی ڕۆژئاوای عێراق دۆزراوەتەوە، کە دووەم بنکەی نهێنی تەلئەبیبە لەو ناوچەیەدا ئاشکرا بووە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە و ڕاپۆرتە دزەپێکراوانە، سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە دەستی بە پرۆسەی ئامادەکردن و دروستکردنی یەکێک لەو دوو بنکەیە لەسەر خاکی عێراق کردبوو.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە وەسفی بەکارهێنانی ئەم بنکە نهێنیانەدا ئاماژەی بەوەشکردووە: لانیکەم یەکێک لەم دوو بنکە کە دەکەوێتە بیابانی ڕۆژئاواوە بە تایبەتی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی "پشتیوانی ئاسمانی" و هەروەها وەک وێستگەیەک بۆ "پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکان" بەکارهێنراوە.
دوای ئاشکراکردنی بنکە نهێنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە عێراق، ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە لە زاری کاربەدەستانی عێراقەوە ڕایگەیاند: واشنتۆن عێراقی ناچار کردووە ڕادارەکانی بکوژێنێتەوە بۆ پاراستنی فڕۆکە ئەمریکییەکان هەم لە ماوەی شەڕی کورت خایەنی ساڵی ڕابردوو و هەم لە ململانێی ئێستادا، لە کاتێکدا ئەم کارە وایکردووە کە بەغدا زیاتر پشت بە هێزەکانی ئەمریکا ببەستێت بۆ دۆزینەوەی جموجۆڵ و چالاکییە دوژمنکارەکان.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە فەرماندەکانی سوپای عێراق زیادی کرد: لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا "عبدالئەمیر یاروڵڵا"، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پەیوەندی بە هاوتاکانی لە سوپای ئەمەریکا کرد و ئەوانیش دووپاتیان کردەوە کە ئەو هێزانە سەر بە ئەمەریکا نین؛ هەر بۆیە درکمان بەوە کرد کە ئەم هێزانە ئیسرائیلین.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلاوە ڕایگەیاند: شەهید عەواد ئەلشەمەری دوای چاودێریکردن و بینینی هێزە بیانییەکان پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆوە کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕا، دواجار دوای دوو ڕۆژ گەڕان و پشکنین، تەرمە بێ گیانەکەی دۆزرایەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان دەریدەخەن کە لانیکەم یەکێک لەو بنکانەی کە عەواد ئەلشەمەری دۆزیویەتیەوە بۆ واشنتۆن ناسراوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەمریکا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاگاداری بوونی بنکەی ئیسرائیل بووە لەسەر خاکی عێراق”.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز زیادی کرد: ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاسایشی عێراقدا بەشێک بوو لە حیساباتی ئیسرائیل لەم بڕیارەدا، بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەلامەتی و نهێنی لە عێراق کار بکات.
Your Comment